بانکی TBI دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران دەدات

بانکی ناوەندیی عێراق، لە ڕێگەی بانکی (TBI) بەردەوام دەبێت لە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەرانبەردا هەر گەشتیارێک 15 هەزار دیناری بۆ ئەم مەبەستە لێ وەردەگیرێت.
بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە هەفتەکانی ڕابردوودا تەنیا نزیکەی 25 کەس کە نیازی گەشتیان هەبوو لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەیانتوانی دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن، واتا ڕێژەکە دیاری کرابوو، بەڵام لە ئەمڕۆوە بانکی (TBI) ئامادەیی خۆی دەربڕیوە دۆلار بە نرخی فەرمی بە زیاتر لەو ڕێژەیە بدات.
کوردستان24، بە مەبەستی بەرچاوڕوونی گەشتیاران زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو؛ سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە نیازی گەشتن لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، دەتوانن لە ڕێگەی بانکی (TBI) دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.
بۆ ئەوەی گەشتیاران دۆلاریان بە نرخی فەرمی دەستکەوێت، دەبێت سەرەتا بەر لە گەشتکردنیان پارەکانیان بە دراوی عێراق لە یەکێ لە لقەکانی بانکەکە دابنێن لە هەرێمی کوردستان، دواتر لە فڕۆکەخانەکان پێش گەشتکردنیان پارەکانیان بە دۆلار پێ دەدرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق ئامانجیەتی، دۆلار بگاتە گەشتیاریی ڕاستەقینە، بە گوێرەی بڕیارەکە هەر گەشتیارێک سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک پێ دەدرێت، بە مەرجێک گهشتیار 18 ساڵی تەواو کردبێت و گەشتەکەشی بۆ ئەو وڵاتانە نەبێت کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان. له بهرانبهردا ههر گهشتیارێك 15 ههزار دیناری لێ وهردهگیرێت.