پێشبینی سەرهەڵدانی قەیرانی وزە لە ئەورووپا دەکرێت

لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرمی و زیادبوونی خواست و بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی لە ئەورووپا، چاوەڕوان دەکرێت قەیرانی وزە وڵاتانی یەکێتییەکە بگرێتەوە، لە کاتێکدا لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ ڕێککەوتنی گواستنەوەی گازی ڕووسیا لە رێگەی ئۆکرانیا کۆتایی دێت.
دوای سێ ساڵ لە قەیرانی وزە لە یەکێتیی ئەورووپا، بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی و زیادبوونی بەکارهێنانی یەدەگی گاز بۆ خێراترین ڕەوت لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، هەڕەشە لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات.
لە کاتێکدا، یەدەگی گازی سروشتی لە یەکێتی ئەورووپا لە بەرزترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو دایە و کۆی یەدەگی گاز دەکاتە %75، بەڵام دابەزینی پلەکانی گەرما، بەکارهێنانی یەدەگی گازی بەرز کردووەتەوە.
هاوکات، لەبەر رۆشنایی بەردەوامی نیگەرانییەکان سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنی گواستنەوەی گازی ڕووسیا لە ڕێگەی ئۆکرانیا بۆ ئەورووپا، فشاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی زیاد کردووە، تەنیا ئەم مانگە نرخی گازی سروشتی بە زیاتر لە 20% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینوە.
ئەگەرەکانی پشت سەرهەڵدانی قەیرانی وزە لە ئەورووپا
لە چەند هەفتەی رابردوودا دابینکردنی گازی سروشتی بۆ ئەورووپا بە سیاسی بووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، هۆشداری بە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا داوە بۆ ئەوەی گاز و نەوتی زیاتر لە ئەمەریکا هاوردە بکەن، ئەگەر نا ڕووبەڕووی سەپاندنی باجی گومرگی دەبنەوە.
هاوکات قەتەر هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی گازی سروشتی بۆ یەکێتی ئەورووپا دەکات، بە تایبەت ئەگەر یاسایەک دژی ئەو کۆمپانیایانە دەربکەن کە پەیوەست نین بە مەرجە تووندەکانی دەردانی کاربۆن و مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی کار.
بە گوێرەی ئامارەکان، ئەمەریکا گەورەترین دابینکاری گازی سروشتییە بۆ یەکێتیی ئەورووپا و قەتەریش پلەی سێیەمی گرتووە، چاوەڕوان دەکرێت بە گرتنەبەری هەر سیاسەتێک لە دژی یەکێتی ئەورووپا کاریگەریی نەرێنی بخاتە سەر بازاڕی وزە و قەیرانێکی گەورەی وزەی لە ئەورووپای لێ بکەوێتەوە.