ئۆمتیتی دەیەوێت بە یەکجاری ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکات
ساموێل ئۆمتیتی نزیکە بە یەکجاری واز لە تۆپی پێ بهێنێت

ساموێل ئۆمتیتی یاریزانی ئێستای یانەی لیلی فەرەنسی و پێشووی یانەی بارسێلۆنا نزیکە بە یەکجاری لە تەمەنی 31 ساڵی واز لە تۆپی پێ بهێنێت.
ئۆمتیتی لە ساڵی 2024 لەگەڵ یانەی لیل تەنیا بەشداریی یەك یاریی کردووە، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ لە مانگەکانی (8،2) دووجار نەشتەرگەری لە ئەژنۆیدا بۆ ئەنجامدراوە.
گرێبەستی یاریزانە فەرەنسییەکە لە هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ یانەی لیل کۆتایی دێت و یانەکەی نایەوێت گرێبەستەکەی بۆ نوێ بکاتەوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، یانەی لیل بەتەواوی لە ئۆمتیتی بێهیوا بوون و یاریزانەکەش بەمزووانە بەیەکجاری واز لە تۆپی پێ دەهێنێت.
بۆ بیرهێنانەوە.. ئۆمتیتی کاتێك پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆنا کرد، یەکێك بوو لە باشترین و دیارترین بەرگریکارەکانی جیهان، بەڵام بۆئەوەی لە مۆندیالی 2018 بەشداریی بکات نەشتەرگەری ئەژنۆی دواخست، لەو کاتەوە تا ئێستا چەند جارێك ئەو نەشتەرگەرییەی ئەنجامداوە و سەرکەوتوو نەبووە، بەهۆیەوە نزیکە واز لە تۆپی پێ بهێنێت.
ساموێل ئۆمتیتی تەمەنی 31 ساڵە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی، لیۆن، بارسێلۆنا و لیچی ئیتاڵی کردووە، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی 2 ملیۆن یۆرۆیە، ساڵی 2018 لەگەڵ فەرەنسا مۆندیالی بەدەستهێناوە.