شێرەكانی رافیدەین ڕاو كران

عێراق بە قورسی دۆڕا و ماڵئاوایی لە جامی كەنداو كرد

ئاهەنگی یاریزانانی سعوودیە دوای گۆڵی دووەمیان لە رێگەی عەبدوڵڵا حەمدان. 28 دێسێمبەری 2024
ئاهەنگی یاریزانانی سعوودیە دوای گۆڵی دووەمیان لە رێگەی عەبدوڵڵا حەمدان. 28 دێسێمبەری 2024

لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی جامی كەنداوی عەرەبی، یانەی عێراق بە قورسی دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەكە كرد، لە بەرامبەردا سعوودیە هاوشانی بەحرێن بلیتی قۆناغی پێشكۆتاییان بڕی.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 28 دێسێمبەری 2024، هەڵبژاردەی عێراق و سعوودیە لە كوێت رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، بەڵام رووداوەكانی نیوەی دووەم مێژوویی بوون، لە خولەكی 56 ناوبژیوان لە رێگەی ڤاڕ لێدانێكی پێناڵتی لە دژی عێراق هەژمار كرد و سالم دۆسەری كاپتنی سعوودییەكان لێدانەكەی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد.
دواتر موهەنەد عەلی ناسراو بە میمی لە خولەكی 64 یاریی بە بەرگریكارانی سعوودیە كرد و ئەنجامەكەی بۆ شێرەكانی رافیدەین یەكسان كردەوە، بەڵام عەبدوڵڵا حەمدان هێرشبەری سعوودیە لە كۆتاییەكانی یارییەكە لە ماوەی 5 خولەك دوو گۆڵی لە عێراق كرد و هەڵبژاردەكەی بە فەرمی گەیاندە قۆناغی پێشكۆتایی جامی كەنداو، عێراقیش لە پلەی چوارەمی كۆمەڵەكەی كۆتایی بە جامی كەنداوی كوێـت هێنا.
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو قۆناغی پێشكۆتایی جامی كەنداو بەڕێوە بچێت، عومان و سعوودیە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، بەحرێن و كوێتیش بەیەك دەگەن، رۆژی هەینی داهاتووش لە یاریگەی نێودەوڵەتی جابر ئەحمەدی نێودەوڵەتی كوێت یاریی كۆتایی جامی كەنداو دەكرێت.