نەورۆز دوای 60 رۆژ یەكەمین سەركەوتنی بەدەستهێنا
گۆڕانكاری لە خشتەی داهاتووی خولی ئەستێرەكانی عێراق روویدا
لە یارییەكی دواخراوی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی نەورۆز لە نێو یاریگە نوێیەكەی پێشوازی لە یانەی دهۆك كرد، سوورپۆشەكانی سلێمانی دوای 60 رۆژ یەكەمین سەركەوتنیان لە خولەكە بەدەستهێنا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، 29 دێسێمبەری 2024، لە یاریگەی یانەی نەورۆز لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، نەورۆز و دهۆك رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، لە خولەكی 21 ئاسۆ رۆستەم بە لێدانی پێناڵتی گۆڵی پێشكەوتنی نەورۆزی تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 28 مەڕوان حوسێن ئەنجامەكەی بۆ نەورۆز دوو هێندە لێكرد و بۆ دووەمجار لە یارییەكە تۆڕی گۆڵی محەمەد ساڵحی گۆڵپارێزی دهۆك هەژێنرا.
لە خولەكی 35 دەرفەتی كەمكردنەوەی جیاوازییەكە بۆ هەڵۆیەكانی بادینان رەخسا كە تێیدا ناوبژیوان لە دژی ئاسۆ رۆستەم لێدانێكی پێناڵتی بۆ دهۆك هەژمار كرد، بەڵام كەریم دەروێش لێدانەكەی بەفیڕۆ دا.
لە نیوەی دووەم نەورۆز زامەكانی دهۆكی قوڵتر كردەوە كاتێك ئەحمەد مەحموود ناوەراستكاری نەورۆز گۆڵی سێیەمی یانەكەی تۆمار كرد، بەڵام كارتە سوورە كەی عەباس یاسینی بەرگریكاری نەورۆز رێتمی یارییەكەی بەرەو گرژی و ئاڵۆزی برد كاتێك ئەو یاریزانە لە خولەكی 61 كرایە دەرەوە، ئەگەرچی لە كۆتاییەكانی یارییەكە زانا عەلی گۆڵێكی بۆ دهۆك كرد، بەڵام ئەو گۆڵە بەس نەبوو، هەڵۆیەكان لە شكست رزگاریان نەبوو.
دواجار نەورۆز سێیەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد هەر سێ بردنەوەكەی لە نێو یاریگەی خۆی بوو، لە بەرامبەردا یانەی دهۆك تووشی چوارەمین شكست بوو لەم وەرزە.