ئارنی سڵۆت بە ئامارە سەرنجڕاکێشەکانی یۆرگن کڵۆپی بیر هاندەرانی لیڤەرپوول بردووەتەوە
ئارنی سڵۆت لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول مێژوو دەنووسێتەوە

ئارنی سلۆتی هۆڵەندی و راهێنەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەك راهێنەری رێدز و دوای بردنەوەی لە وێستهام، بە ئامار و ئەنجامەکان سەرنجی هەمووانی راکێشاوە.
رۆژی یەكشەممە لە یارییەکانی گەڕی 19ی پرێمەرلیگ، لیڤەرپوول لە یاریگەی لەندەنی ئۆڵمپی بوو بە میوانی وێستهام و یارییەکەی بە ئەنجامی 5-0 لێبردەوە.
ئامارەکانی ئارنی سڵۆتی راهێنەری لیڤەپوول لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا ئێستا، وایکردووە یانەکە بێ یۆرگن کڵۆپی راهێنەری پێشووی رێدزی پێوە دیار نەبێت، بەپێی تۆڕی "سکواك" راهێنەرە هۆڵەندییەکە 27 یاریی لەگەڵ سوور پۆشەکان بووە، لە 23 یاریی براوە و 3 یەکسان و تەنیا یەك دۆڕانی هەیە.
لیڤەرپوول بە سەرکردایەتی سڵۆت 68 گۆڵی تۆمارکردووە و 22 گۆڵی لێکراوە، لە 13 یارییش تۆڕی گۆڵەکەیان بە خاوێنی هێشتووەتەوە.
هەر بەپێی ئامارەکان لیڤەرپوول تاکە یانەی مێژووی پرێمەرلیگە، کە یانەی شاری لەندەن نەبێت و بتوانێت 2 یاریی بە دوای یەکدا 5 گۆڵ یان زیاتر لە یانە و یاریگەیەکی پایتەختی ئینگلاد بکات.
بۆ بیرهێنانەوە.. لیڤەرپوول پێشەنگی یانەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی گرتووە و سەرکەوتووە بۆ قۆناغی پێش کۆتایی جامی کاراباو.