تورکیا بەنیازە کارەبا بۆ سووریا و لوبنان دابین بکات

وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاندووە، زۆربەی دانیشتووانی سووریا کارەبایان نییە، هەر بۆیە دوو شاندی تایبەتی وەزارەتەکەی ئێستا لە سووریا و لوبنانن بۆ چارە کردنی کێشەی کارەبای هەردوو وڵات.

ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ئەمڕۆ، دووشەممە 30ی کانوونی یەکەمی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە، دوو شاندی پسپۆڕی کەرتی کارەبای حکوومەتی تورکیا لە سووریا و لوبنانن بە مەبەستی چارە کردن و دابین کردنی کارەبای هەردوو وڵاتەکە.

وەزیری وزەی تورکیا ئەوەشی گوت: "بە گوێرەی ئامارەکان، ڕژێمی سووریا بەر لە ڕووخانی توانای دابینکردنی تەنیا هەشت هەزار و 500 مێگاوات کارەبای هەبووە، بەڵام ئێستا بۆ سێ هەزار و 500 مێگاوات دابەزیوە، بەمەش زۆربەی خەڵکی سووریا لە ماڵەوە مووەلیدە بەکار دەهێنن."

پێشینەی دابینکردنی کارەبای چەند ناوچەیەکی سووریا لەلایەن تورکیاوە بۆ 2016 دەگەڕێتەوە، کە کارەبای ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی لە باکووری سووریا دابین کردووە، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای ئیدلب.

لەوەتەی ڕژێمی ئەسەد لەلایەن چەکدارانی تەحریر شام ڕووخێنراوە، تورکیا چاوی لەوەیە دەستێکی باڵای لە بنیادنانەوەی سووریادا هەبێت، بۆ ئەمەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە.