پاڵێوراوانی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2025

محەمەد سەڵاح و ڤینیسیۆس جونیۆر
محەمەد سەڵاح و ڤینیسیۆس جونیۆر

خەڵاتی باڵۆن دۆر یەکێکە لەو خەڵاتانەی هەموو یاریزانەکانی ئارەزووی بەدەستهێنانی دەکەن، دوایینجار رۆدری ناوەڕاستکاری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی ئەو خەڵاتەی بردەوە، بۆ ساڵی 2025 چەند یاریزانێک رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دەکەن.

ماڵپەری گۆڵ نوێترین ریزبەندی پاڵێوراوانی خەڵاتی باڵدۆن دۆری 2025ـی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکان محەمەد سەڵاح هێرشبەری مسڕی یانەی لیڤەرپوول، بەهێزترین پاڵێوراوە تا ئەم ساتە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، یاریزانەکەی رێدز تاوەکو ئێستا بەشداری 37 گۆڵی یانەکەی کردووە.

لە دوای یاریزانە مسڕییەکەی یانەی لیڤەرپوول، ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا دێت، ئەو یاریزانە نزیکبوو لەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی رابردوو بباتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا نەیتوانی ئەو خەڵاتە بباتەوە.

لە پلەی سێیەمیش رافینیا یاریزانی بەڕازیلی یانەی بارسێلۆنا دێت، ئەو یاریزانەش ئەم وەرزە بەهۆی ئاستە بەرزەکەی، بووەتە یەکێک لە رکابەرەکان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2025 و چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، هەر یەکێک بێت لە پاڵێوراوەکانی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.

لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمیش جەمال موسیالا ناوەڕاستکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا و هەروەها رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا دێن، ئەو دوو یاریزانەش بەهۆی ئاستە بەرزەکەیان کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2025 دەکەن.