سەرەتای ساڵی نوێ لە دەروازە سنوورییەکان کار بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەکرێت

نووسینگەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دوای تەواو کردنی ژێرخانی بەیەکەوە بەستنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان، لەسەرەتای ساڵی نوێوە سیستمی ئەلیکترۆنی دەروازەکان دەخرێتە کار بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاوردەکردنی شتومەک و کاڵاکان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەکەی سوودانی، بە کارخستنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە دەروازە سنوورییەکان، پەیوەستە بە چاکسازیی ئیداری و دارایی کە بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتی فیدراڵ.
هەر بۆ ئەم مەبەستە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری گومرگ و دەروازە سنووری و بەندەرەکان بەڕێوەچووە، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ هاوردە و هەناردە لە دەوازە سنوورییەکان تاوتوێ بکرێت.
گوایە لەو کۆبوونەوەیەدا، تەواوبوونی هەنگاوەکانی بەستنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە نوێترین تەکنەلۆژیا تەواو بووە و بڕیارە لە لە 1ی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، سیستمی ئەلیکترۆنی ئەسیکۆدا دەخرێتە کار، کە سیستمێکی جیهانییە و تایبەتە بە خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی.