ئەمەریکا بە بەهای 8 ملیار دۆلار چەک دەفرۆشێتە ئیسرائیل

جۆو بایدن لە کۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی دا، داوای لە کۆنگرێس کردووە چەک و کەلوپەلی سەربازی زیاتر بە ئیسرائیل بفرۆشن، ئەمەش وەک هاوکاریی بۆ شەڕی غەززە.

شەممە 4ی کانوونی دووەمی 2025، ئیدارەی جۆی بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، داوای لە کۆنگرێس کردووە پرۆژەی فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازی زیاتر، بە بڕی هەشت ملیار دۆلار بە ئیسرائیل، پەسەند بکەن.

کەلوپەلە سەربازییەکان بریتین لە تەقەمەنی و مووشەکی فڕۆکە و هەلیکۆپتەری جەنگی، مووشەک و بۆمب و تەقەمەنی دیکە، ئەمەش هاوکارییەکە بۆ سوپای ئیسرائیل لە شەڕی غەززە و باشووری لوبنان.

ئەم پرۆژەیە پێویستی بە ئیمزای هەر یەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سێناتە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، لە کاتێکدا کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کورسییەکانی کۆنگرێسیان کردووە و جۆو بایدنیش کەمتر لە 20 ڕۆژی ماوە لە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment