سبەینێ بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی هەولێر، جووتياران ئاگادار دەکاتەوە سبەینێ یەکشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2025، لە بانکی بەحرکە چەکی پارەی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 خەرج دەکرێت.

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: "لە کۆی ئەو گەنمەی ساڵی ڕابردوو لە جووتیاران کڕاوەتەوە، تەنیا 600 چەکی جوتیاران ماوە خەرج بکرێت، بەڵام سبەینێ 200 چەک لە زنجیرە (5211) تاکو زنجیرە (5300) دابەش دەکرێت، ئەویش بەهۆی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و دروست بوونی قەرەباڵغی لەسەرە، بڕیارمان داوە هەموو چەکەکان بەیەوە دابەش نەکەین."

گوتیشی: "خەرجكردنی چەکەکان لە بانکی شارەدێی بەحرکە دەبێت، تەواوی پارەکەش زیاتر لە 181 ملیار دینارە، کە شایستەی دارایی 2024ی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە." 

هەروەها ئاگاداری جووتيارانی سنووری شارۆچکەی کۆیە دەکاتەوە، سبەینێ، یەکشەممە هەڵگری چەکەکانی زنجیرە (1101) تاكو زنجیرە (1200) كە گەنمەکانیان ڕادەستی گۆڕەپانی کۆیە کردووە، لە سايلۆی قوشتەپە دەتوانن چەکەکانیان وەردەگرن.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتیشی: ⁠"ئەو کەسەی چەکی بەناوە، دەبێت خۆی ئامادە بێت، ئەگەرنا ئەو کەسەی لە بری جووتیارەکە ئامادە دەبێت، پێویستە بریکارنامەی پەسەند کراوی ئەم ساڵی پێ بێت، ئەگەر خاوەن چەک وەفاتی کردبێت، دەبێت دابەشنامەی شەرعی (قسام الشرعي) لەگەڵ بریکارنامەی گشت وارسەکانی کۆچکردوو بهێنێت."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment