خاوەن مووەلیدەکانی کەرکووک: ڕیشمان بەدیار خەمەکانی مووەلیدەوە سپی بوو

لە کەرکووک خاوەن مووەلیدەکان کە کارەبا بۆ ماڵەکانی گەڕەکەکان دابین دەکەن، بۆ ماوەی کاتژمێرێک مانگرتنیان ڕاگەیاند و مووەلیدەکانیان کوژاندەوە، بەڵام جارێکی دیکە دەستیان بە کار کردەوە پاش ئەوەی بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتووە نرخی ئەمپێر، ئەوەی لەلایەن قایمقامییەتەوە دیاری کرابوو، زیاد بکرێت.

ئەدهەم ئەحمەد ڕەشید، خاوەن مووەلیدەیەکی کارەبایە لەگەڕەکی خەزڕای شاری کەرکووک، بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە مووەلیدەکانمان کوژاندەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت لەو نرخەی کە بۆمان دانراوە، نرخی ئەمپێری کارەبای مووەلیدەی ئێمە کە دەبوا 15 هەزار دینار دەرچووبایە بۆ هەر ئەمپێرێک، ئێستا کراوەتە 11 هەزار دینار ، بەو شێوەیە چوار  هەزار دیناریان لە نرخەکەی خۆمان کەم کردەوە، بەو شێوەیەش زۆر زیان دەکەین، چونکە 15 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک کەمترین نرخە بۆ ئەوەی تەنها خەرجیی موەلیدەکەمان بۆ دەربچێت.

خاوەن مووەلیدەکە گوتیشی: ئێستا ئێمە پەرێشانین، ڕۆژانە 20 کاتژمێر کارەبا دەدەین بە هاووڵاتییان کە حکوومەت ناتوانێت ئەوە بکات، حکوومەت حەوت کاتژمێر بۆ شەش کاتژمێر بە پچڕ پچڕی کارەبا دەدات، دواتر هەموو ئەرکەکە دەخاتە سەر مووەلیدەکان و دەڵێت: ئێوە ئیش بکەن و چۆن ئیش دەکەن بیکەن، ئەدهەم ئەحمەد ڕەشید دەشڵێت: حکوومەت بەشی سێ ڕۆژ یاخود چوار ڕۆژ گازوایلمان پێ دەدات، دوایی ئێمە 26 ڕۆژ بۆ 27 ڕۆژ لە گیرفانی خۆمان گازوایل لە بازاڕ دەکڕین، تکا دەکەین چارەیەکی ئەو دۆخەمان بکەن.

دەڵێت: خەمی زۆرمان بەدیار ئەو کارەوە خوارد، ئۆتۆمبێلمان لەگەڵ خانوو و ئاڵتۆن فرۆشت بۆ ئەوەی کارێک بکەین، نەوەک زیان بکەین، بەو شێوەیە نابێت، پێویستە چارەیەکمان بۆ بکەن، ڕیشی ڕەشمان بەو خەمانە سپی کرد.

خاوەن مووەلیدەکان داوای گازوایلی زیاتر دەکەن، نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبای مووەلیدە کە بە 40 دینار دانرابوو، داوا دەکەن بۆیان بکرێت بە 45 دینار، ئەو داوایەش گەیەنراوەتە لایەنی پەیوەندیدار، چاوەڕوانن وەڵامیان بدرێتەوە.