ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە

هێزێکی ئاشتیپارێزانی یونیفیل لــــە باشووری لوبنان (وێنە: AP)
هێزێکی ئاشتیپارێزانی یونیفیل لــــە باشووری لوبنان (وێنە: AP)

سێ هەفتەی دیکە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی کۆتایی دێت. ئەمینداری گشتیی حزبوڵلاش هۆشداری دەداتە ئیسرائیل. 

ڕۆژی 26ـی کانوونی دووەم ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای لوبنانی و ئیسرائیل کۆتایی دێت. نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنانی، هۆشداری دەدات لەوەی، ئارامگرتنیان سنووردارە و لەوانەیە پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ بکەنەوە.

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی گوتی: "سەرکردایەتیی مقاوەمە بڕیار لە چونییەتی بەرەنگاربوونەوە و چەکی بەکارهاتوو دەدات. مەرج نییە هەر شتێک ڕوو بدات، مقاوەمە وەڵام بداتەوە، کاتێک بڕیاری شتێک دەدەین ڕاستەوخۆ جێبەجێی دەکەین. دەکرێت پێش یان دوای 60 ڕۆژ مۆڵەت پەتی سەبرمان بپچڕێت."

نەعیم قاسم باسی لەوەش کرد "دەڵێن مقاوەمە لاواز بووە، بێئاگا لەوەی 10 ڕۆژ دوای شەهیدبوونی نەسروڵلا، برینەکانمان سارێژ بوونەتەوە، بینیتان چۆن گەڕاینەوە مەیدان؟! مقاوەمە بەهێزە، توانامان ماوە. مقاوەمە چەک نییە تا لاواز ببێت، بەڵکوو باوەڕە."

میدیاکانی ئیسرائیلیش ئـــاماژە بەوە دەدەن "وڵاتەکەیان ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە لەوەی، دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی 60 ڕۆژەی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە، چونکە سوپای لوبنان بە تەواوی پابەندی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە نەبووە و ناتوانێت بە تەواوی وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکات." 

سوپای ئیسرائیل بە ئەمەریکاشی گوتووە "ڕێگە نادات دانیشتووانی گوند و شارۆچکەکانی لوبنان لە سنووری ئیسرائیل بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ئاگربەستی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت حزبوڵلا چەک دانێت و سوپای لوبنان تەواوی وڵات کۆنترۆڵ بکات. ئیسرائیلیش هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە.