ئانچیلۆتی بڕیاری داوە بۆ یەكەمجار پێكهاتەیەكی جیاواز تاقی بكاتەوە
یانەی ریال مەدرید پێش گەشتی سعوودیە رووبەڕووی یانەیەكی پلە پێنجی ئیسپانیا دەبێتەوە
ریاڵ مەدرید لە قۆناغی 32ـی جامی شای ئیسپانیا و لە دەرەوەی یاریگای خۆی، رووبەڕووی دیپۆرتیڤا مینێرای پلە پێنج دەبێتەوە، ئانچیلۆتی رایدەگەیەنێت زۆر گرینگی بە جامی شا دەدەن و دەشڵێت: تەنیا 2 یاریزان بۆ ئەم یارییە دادەبڕێن و سەرجەم یاریزانەكانی دیكە ئامادە دەبن.
ریاڵ مەدرید پێش ئەوەی گەشتی سعوودیە بکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا، سبەی دووشەممە كاتژمێر 09:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە قۆناغی 32ـی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی دیپۆرتیڤا مینێرای پلە پێنج دەبێتەوە. رکابەرەکەی یانە شاهانەکە جاری یەکەمە بەشداری جامی شای ئیسپانیا دەکات، لە بەرامبەردا ریاڵ مەدرید خاوەنی 20 ناسناوی جامەکەیە.
ئەو یاریگایەی سبەی شەو ریاڵ مەدرید یاری تێدا دەکات تەنیا شوێنی 15 هەزار کەس دەبێتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاندەرانی خاوەن یاریگا، دەیانەوێت بۆ بینینی یارییەکە، سەردانی یاریگاکەیان بکەن.
مێرنگی لە دوایین 11 یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی، تەنها 2 یاری دۆڕاندووە، لە بەرامبەردا دیپۆرتیڤا ئەو یانەیەش لە دوایین پێنج یاری لە یاریگای خۆی، تەنها یارییەکی دۆڕاندووە و لە دوو یاریش براوە بووە.
ئانچیلۆتی لەبارەی ئەو یارییە چی دەڵێت؟
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، تەنها کۆرتوا و رۆدیگێر بەشداریی ئەو یارییە ناکەن، لە بەرامبەردا سەرجەم یاریزانەکانی دیکە گەشتیان کردووە، دەشڵێت: ئێمە وەکو هەمیشە گرنگیەکی زۆر بە جامی شای ئیسپانیا دەدەین، جامی شا بۆ ئێمە گرنگە و لە ساڵانی رابردوو ئەنجامی باشمان بەدەستهێناوە و دەمانەوێت لەسەر رکابەریکردن بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە بەردەوام بین.
ئانچیلۆتی گوتیشی: رێز لە درێس و ناوی یانەی بەرامبەرەکەمان دەگرین، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئاستێکی باش لەم یارییە پێشکەش بکەین و سەرکەوین بۆ قۆناغی داهاتوو. بۆ ئەم یارییە تەنها تیبۆ کۆرتوا و رۆدیگەر بەشداریی ناکەن، لە بەرامبەردا سەرجەم یاریزانەکانی دیکە لەگەڵمان دەبن و بەشداریی یارییەکە دەکەن.
راهێنەرە ئیتاڵییەكە هێما بۆ ئەوەش دەكات لەو یارییە دەیەوێت دەرفەت بەو یاریزانانە بدات کە یاری کەمتریان کردووە، دەشڵێت: ڤینیسیۆس بەرامبەر ڤالێنسیا شایستەی کارتی سوور نەبوو، تەنیا دەبوایە کارتی زەردی پێبدرێت. بۆیە هیوادارم رووبەڕووی سزایەکی قورس نەبێتەوە، من خۆم دەخەمە شوێنی ئە، دەزانم لە چ بارودۆخێکی قورسدایە، بەرگەگرتن بەرامبەر ئەو هەموو رەفتارانەی هاندەران کارێکی زۆر قورسە.