گەشتیارانی عێراق لە تورکیا لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدان

دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا ڕایگەیاند، گەشتیارانی عێراق لە تورکیا، لە پێشەنگی لیستی وڵاتانی عەرەبیدان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، لە هاتنی گەشتیاران بۆ تورکیا لە مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024، عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدایە. لەو ماوەیەدا 898 هەزار و 759 گەشتیاری عێراقی سەردانی تورکیایان کردووە، ئەمەش سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران بەڕێژەی 8.99% بەراورد بە ساڵی 2023.
وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لەو ڕیزبەندەدا سعوودیە پلەی دووەمی گرتووە بە 822 هەزار و 785 گەشتیار، لە دوای ئەویش جەزائیر بە 294 هەزار و 291 گەشتیار پلەی سێیەمی گرتووە، دواتر ئوردن لە پلەی چوارەم دێت بە 286 هەزار و 126 گەشتیار، لە کۆتاییدا کوێت بە 251 هەزار و 616 گەشتیار پلەی پێنجەمی گرتووە.
سالانە هاووڵاتییەکی زۆری عێراقی بۆ بەسەربردنی پشووەکانیان سەردانی تورکیا دەکەن، ئەمەش بەهۆی گونجاویی کەشوهەوا و نزیکیی لە عێراقەوە.