داوود ئۆغڵو: ناوخۆی تورکیا بە پاراستنی مافی کورد و تورک بەهێز دەبێت
ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، ئاماژەی بەوە دا، ئەو کاتەی دیموکراسیی تەواو جێبەجێ دەکرێت و مافی کورد، تورک و هاووڵاتییانی دیکە دەپارێزرێت، ناوخۆی وڵاتەکەیان بەهێز دەبێت، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر عێراق و سووریا دەبێت."
دووشەممە، 06-01-2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە، لەگەڵ ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، کۆ بووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، داوود ئۆغڵو لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کۆبوونەوەیەکی ڕاستەقینە و جیددی بوو. زانیاریی زۆر باشیان لەبارەی (پرۆسەی ئاشتی) پێ داین. جەختیشمان لەوە کردەوە چۆن دەبێت وانە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەربگرین."
سەرۆکی پارتی ئایندە گوتی: "ئێستە کاتێکی هەستیارە و پێشهاتی گەورە لە جیهان و لە ناوچەکەدا هەن. دەبێت بەرەی ناوخۆ بەهێز بکەین، بەهێزکردنی ئەم بەرەیەش تەنها لە ڕێگەی جێبەجێکردنی دیموکراسیی تەواو و پاراستنی مافی کورد و تورک و هەموو هاووڵاتییان بەدی دێت."
داوود ئۆغڵو، دووپاتی کردەوە "ئەوان بایەخێکی زۆر بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئاشتیی ناوخۆیی دەدەن." داواشی کرد "لایەنەکان لەم کاتە هەستیارەدا، ژیرانە مامەڵە بکەن."
لەبارەی دۆخی سووریاش، داوود ئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا "باسی سووریا و عێراقیشمان کرد؛ کاتێک تورکیا لەنێوخۆیدا بەهێز بێت، کاریگەری باشی لەسەر سووریا و عێراق دەبێت."
دوای ئەم کۆبوونەوەیە، شاندی دەم پارتی چووە پەرلەمانی تورکیا و لەگەڵ فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆ بووەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ فراکسیۆنی سەعادەتیش کۆ ببێتەوە.
هاوکات، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، 07-01-2025، شاندەکەی دەم پارتی سەردانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا و دواتریش سەردانی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن ڕەفا بکات.
ڕۆژەڤی سەرەکیی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. شاندەکەی دەم پارتی دەیەوێت ناوەرۆکی سەردانەکەیان بۆ گشت لایەنە سیاسییەکان ڕوون بکاتەوە، تاوەکوو کۆدەنگییەکی تەواو لە پەرلەمانەوە هەبێت.
هەرچی لەبارەی جەهەپەشە، کاتی دیدارەکە دیار نییە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەیاندا پرسی پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی، تاوتوێ دەکەن.