هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری بۆ یانەی هەولێر ناكرێت

گۆڕانكاری لە دەستەی كاتی یانەی هەولێر دەكرێت

بەشێك لە یاریزانانی یانەی هەولێر لە كاتی راهێنانەكان
بەشێك لە یاریزانانی یانەی هەولێر لە كاتی راهێنانەكان

هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر ناكرێت و جارێكی دیكە یانەكە لە لایەن دەستەیەكی كاتی بەڕێوە دەبردرێت.
سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر ناكرێت و یانەكە جارێكی دیكە لە لایەن دەستەیەكی كاتی بەڕێوە دەبردرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، زۆرینەی ئەندامانی ئێستای دەستەی كاتی یانەی هەولێر بۆ بەڕێوەبردنی یانەكە دەمێننەوە، تەنیا گۆڕانكارییەكی كەم دەكرێت و پێشبینی دەكرێت ژمارەی بەشێك لە ئەندامەكانی ئێستای دەستەی كاتی یانەی كەمبكرێتەوە، ئەگەری زیادكردنی ئەندامی نوێش هەیە.

دوایینجار كاتێك هەڵبژاردن بۆ دەستەی كارگێری یانەی هەولێر كرا رۆژی 7/11/2021 بوو كاتێك 9 كەس وەكو دەستەی كارگێری هەڵبژێردران، عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی پێشووتری یانەی هەولێر ئەوكات زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەكان بەدەستهێنا، بەڵام دواجار بڕیاری كشانەوەی دا و دەرفەتی بە ئەندامە نوێیەكان دا یانەی هەولێر بەڕێوەببەن، بەڵام دەستە نوێیەكە پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی خۆیان، دەستیانلەكاركێشایەوە، پاشان دەستەیەكی كاتی بە سەرۆكایەتی موئەیەد مەغدید لە رۆژی 15/5/2024 دەست بەكاربوو، بەڵام بەهۆی ئەو سكاڵا لەسەر یانەكە تۆمار كرا بوو بڕیاروابوو لە رۆژ 25ـی مانگی رابردوو هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنەكە دواخرا و لەم قۆناغەی ئێستای یانەی هەولێر هیچ هەڵبژاردنێك ناكرێت.