پێنجشەممە مووچەی مانگی 11ی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مووچەی مانگی 11ی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر تەمویلی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەیداوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2025، مووچەی مانگی تشرینی دووەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، تەمویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

هەر لە بارەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست کارۆخ عەبدوڵلا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مووچەخۆرانی وەزارەتی پەروەردە، لە هەفتەی داهاتوودا شایستەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2024ی بۆ مامۆستایانی گرێبەست لە سنووری پەروەردەکانی هەولێر و دهۆک دابەش دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەر لە کۆتایی ساڵی 2024 شایستەی مامۆستایانی گرێبەست لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی دابەشکراوە.

ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار مامۆستایە و کۆی مووچەی مانگانەیان نزیکەی 19 ملیار دینارە، مووچەی مانگانەی هەر گرێبەستێک لەنێوان 400 - 500 هەزارە دینارە.