سەرما و سۆڵە 13 ویلایەتی ئەمەریکای گرتووەتەوە
زیاتر لە 10 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراوەتەوە و سەدان ڕووداوی هاتوچۆش تۆمار کراوە

شەپۆلێکی زریان و سەهۆڵبەندان ویلایەتەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکای گرتووەتەوە و بە هۆیەوە، پرۆسەی خوێندن لە واشنتن ڕاگیرا و زیاتر لە 10 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراوەتەوە و سەدان ڕووداوی هاتوچۆش دروست بوون، کە قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئەو سەرما و سۆڵەی ئەمەریکای گرتووەتەوە، دوای شەپۆلە بەفر بارینەکەی کۆتایی هەفتە ڕابردوو، تا ڕادەیەک بووەتە هۆی پەکخستنی جوڵە و داخرانێکی نیمچەیی لە ویلایەتەکانی کانساس، میسوری، کێنتاکی، وێرجینیا، واشنتن و چەند ویلایەتێکی دیکەی.
بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا بەهۆی بەستنی ڕێگەکان زیاتر لە 650 ڕووداوی پێکدادانی ئۆتۆمبێل تۆمار کراوە، 5 کەس مردوون و 31 کەسیش دیکەش بریندارن.
هەروا ناوەندی کەشناسی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، لە ناوەندی واشنتن 40 سانتی مەتر باریوە و بە هۆیەوە خوێندن لە قوتابخانەکانی ویلایەتەکە کراوەتە پشوو.
هەر لەبەر نالەباری دۆخی کەشوهەواوە لە واشنتن دوو و 300 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراوەتەوە و 9 هەزاریش گەشتی دیکەش دواخراوە.
ماڵپەری PowerOutage تایبەت بە تۆڕی کارەبای ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی شەپۆلەکەوە نزیکەی 200 هەزار ماڵ بێ کارەبا بوونە.
پێشووتر ماڵپەڕی چاودێری گەشتە ئاسمانییەکانی جیهان (Flight Aware) لە چەند ڕاپۆرتێکی جیادا بڵاویکردووەتەوە تەنیا لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی پێنج هەزار گەشت لە فڕۆکەخانەکانی ئەمەریکا هەڵوەشێنراوەتەوە.