خوێنەری کتێب لە کتێبخانە گشتییەکانی هەولێر و سلێمانی زیادی کردووە

بە گوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، ڕێژەی سەردانیکەران و خوێنەران لە کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە 2024 بەراورد بە 2023 زیادی کردووە
لە سلێمانی ژمارەیەکی بەرزی منداڵان بۆ خوێندنەوەی کتێب سەردانی کتێبخانەی گشتیی شارەکەیان کردووە و لە پرۆژەیەکی نوێ دا، کتێبخانەی گشتیی دهۆک 50 کتێبخانەی بۆ قوتابخانەکان کردووەتەوە.

خوێنەر لە کتێبخانەی گشتیی هەولێر دوو هێندە و نیو زیادی کردووە

ناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوەبەڕی کتێبخانەی گشتیی هەولێر (زەیتوونە) بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2024 سەردانی کتێبخانەی گشتی زیادی کردووە بە گوێرەی تۆمارەکان 11 هەزار و 558 کەس لە چینوتوێژه  جیاوازەکان بۆ خوێندنەوە و بەدەستخستنی سەرچاوە سەردانی کتێبخانەکانیان کردووە.

بە گوتەی ناز فەلەکەین ژمارەی سەردانیکەرانی کتێبخانە گشتییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر بەراورد بە ساڵی پێشتر زۆر زیادی کردووە و دەڵێت: لە ساڵی 2023دا، بە گوێرەی ئامارەکان چوار هەزار و 763 کەس سەردانی کتێبخانەی زەیتوونەی کردووە.

خوێنەرانی کتێب لە کێبخانەی گشتیی سلێمانی %50 زیادی کردووە

ئالان ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی سلێمانی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2024دا، شەش هەزار و 521 کەس سەردانی کتێبخانەی گشتییان کردووە، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 285 پیاون و سێ هەزار و 236 ئافرەتن.

ئاماژەشیدا، کە ساڵی ڕابردوو 10 هەزار و 670 منداڵ سەردانی کتێبخانەی گشتییان کردووە.

ئالان ڕەئووف گوتیشی: لە ساڵی 2023دا، 10 هەزار و 77 خوێنەر سەردانی کتێبخانەی گشتیی سلێمانیان کردووە، کە چوار هەزار و 556 پیاو، پێنج هەزار و 521 ئافرەت و چوار هەزار و 785  منداڵ  بوون.

لە پارێزگای دهۆک 50 کتێبخانەی بچووک لەنێو قوتابخانەکان کراوەتەوە

مەسعود خالید، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی بەدرخانییەکانی دهۆک بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2024 دا، شەش هەزار و 215 خوێنەر لە تەمەن و چین و توێژە جیاوازەکان بۆ خوێندنەوەی کتێب و وەگرتنی سەرچاوە سەردانی کتێبخانەی گشتیی دهۆک و کتێبخانەکانی هەر سێ شارۆچکەی ئامێدی، شێخان و ئاکرێ کردووە.

گوتیشی: بەراورد بە ساڵی پێشووتر (2023) بە ڕێژەی %78 کەمی کردووە، بەو پێیەی لەو ساڵەدا هەشت هەزار و 184 کەس سەردانی کتێبخانەکانیان کرد بوو.

مەسعود خالید هۆکاری کەم بوونەوەی خوێنەر لە کتێبخانە گشتییەکانی دهۆک دەگەڕێتەوە بۆ ئاسان دەستڕاگەیشتنی خوێنەران بە کتێب و سەرچاوەکان، دەشڵێت: ئێستا لەنێو قوتابخانەکاندا 50 کتێبخانەی بچووکمان کردووەتەوە بۆ ئەوەی قوتابیان بە ئاسانی و لە نزیکەوە بتوانن بابەت و کتێبی دڵخوازیان بە دەست بخەن.

سەردانی خوێنەرانی کتێب لە کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە کەمی کردووە

عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، لەساڵی 2023، دا  هەزار و 723 کەس سەردانی کتێبخانەی گشتییان کردووە، لەساڵی 2024، دا هەزار و 459 کەس سەردانی کردوون.