ڕوانگەی سووری: ئەفسەرێکی پلە باڵای ڕژێمی پێشووی سووریا دەستگیر کرا

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی گشتی سووریا، ئەفسەرێکی پێشووی پلە باڵای ڕژێمی بەشار ئەسەدیان دەستگیرکردووە.

سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، "عەلی عەزیز ساڵح، ئەفسەری پلە باڵا لە ڕژێمی پێشووی سووریا، کە لە هێزەکانی پاسەوانی کۆماریدا خزمەتی دەکرد، ڕۆژی دووشەممە دەستگیر کرا"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو یەکێک بووە لە دیارترین ئەوکەسانەی پێشێلکاری دژی خەڵکی سڤیل کردووە"، بەتایبەتی لە شاری بانیاس لە پارێزگای تەرتووس.

ڕوانگە دەشڵێت: ئەو ئەفسەرە پلە باڵایە لە نێو ئەو کەسانەدا بووە کە لە مانگی نیسانی ساڵی 2011دا بەشدارییان لە هێرشکردنە سەر شاری بانیاس و گوندەکانی دەوروبەری کردووە"، هەر لە ڕۆژی یەکەمی  ناڕەزایەتییەکانی سووریا، دەستی بە خوێنی خەڵکی سڤیلی سووریا سووربووە.

ساڵح چەندین پۆستی لە هێزەکانی پاسەوانی کۆمارییدا هەبووە، هەروەها پۆستی باڵای لە لقەکانی هەواڵگری لە باشووری سووریا هەبووە.

ڕوانگە جەختی کردەوە، هەڵمەتێکی ئەمنی لەلایەن بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بەشی ئاسایشی گشتی حکوومەتی نوێی سووریا، لە ناوچەی جەبلە کرا بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی ڕژێمی پێشوو و ئەوانەی دەستیان بە خوێنی سووریەکان سوورە.

هەروەها بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە شاری حمس و لادێکانی کۆتای پێهێنا و  ڕایانگەیاند، 650 کەسیان دەستگیرکردووە.

لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت، هاوکات بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا خۆی و خانەوادەکەی بەرەو مۆسکۆ هەڵات.