زیاتر لە 500 بەندکراو بەشداری تاقیکردنەوەکانی پەروەردەیی دەکەن

لەگەڵ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی قوتابیانی سەر بە  وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 504 بەندکراو لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە تاقیکردنەوەکان دەکەن.

خالید محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی:" ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2025،  لەنێو سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێم، کە شەش چاکسازی گەوران و ئافرەتان و منداڵانمان هەیە،  تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە پۆلی چواری بنەڕەتی تاوەکو 12ـی ئامادەیی دەستی پێکرد.

گوتیشی:"ژمارەی ئەو بەندکراوانەی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن 504 قوتابییە و 375یان بنەڕەتیین و 129شیان ئامادەیین".

خالید محەممەد، گوتیشی: لەنێو چاکسازییەکان قوتابخانە و مامۆستای تایبەت هەیە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری بەندکراو دەگەڕێنەوە بەر خوێندن و تەنانەت تاوەکو بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر بەردەوام دەبن لە قۆناغەکانی خوێندن.

بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێم، پێنج هەزار و 700 بەندکراو لە سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان هەن و لە ڕێگەی توێژەرەکانی کۆمەڵایەتییەوە هانی بەندکراوەکان دەدرێت کاتەکانیان بە خوێندنەوەی کتێب و خوێندنی پرۆگرامی پەروەردەیی بەسەر بەرن.