بانکی ناوەندی عێراق: کێشەی داراییمان نییە و مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق هیچ کێشەیەکی داراییمان نییە هەڕەشە لە مووچەی فەرمانبەران بکات، ئەو سەکۆیانەی گۆڕینەوەی دراو کە لە دەروازەکان هەیە، مۆڵەتی بانکی ناوەندییان نییە و ئێمەش دایاندەخەین.

چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هیچ کێشەیەکی داراییمان نییە هەڕەشە لە مووچەی فەرمانبەران بکات.

عەلی عەلاق گوتیشی: "یەدەگی بانکی ناوەندی زۆرە و توانای دابینکردنی خواستی دۆلاری هەیە، هەروەها بانکی فیدراڵی ستایشی ڕێکارەکانی عێراقی سەبارەت بە حەواڵەی دەرەکی کردووە."

پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لەوەش کرد، "میکانیزمی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بەردەوامە و دەگاتە دەستی سوودمەندبووان، هەروەها یەدەگەکانمان بەهێزن و بانکی ناوەندی سەربەخۆیە."دەشڵێت: "پڕۆژەیەکمان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نیشتمانی بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی دەست پێ کردووە و گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتوو."

گوتیشی: "ئەو سەکۆیانەی گۆڕینەوەی دراو کە لە دەروازەکان هەیە، مۆڵەتی بانکی ناوەندییان نییە، ئێمەش کار بۆ داخستنیان و گواستنەوەیان بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن دەکەین."

عەلی عەلاق ڕاشیگەیاند، "ئێمە ڕێگەمان بە بانکەکان دا دۆلار هاوردە بکەن و توانیمان قاچاخچێتی دۆلار سنووردار بکەین."