گیر پیدەرسن: گفتوگۆ لەنێوان کورد و ئیدارەی نوێی سووریا هەیە

گیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا
گیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا ڕایدەگەیەنێت: دەرفەتی گەورە، هاوکات مەترسی ڕاستەقینە لە سووریای نوێ هەیە، بۆیە پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە سووریای نوێ بەشداریی کاریگەرییان هەبێت.

چوارشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2025، گیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا ڕایگەیاند: گفتوگۆ لەنێوان کورد و ئیدارەی نوێی سووریا هەیە، داوای لە دەسەڵاتدارانی نوێێ سووریاش کرد، دەستی هاوکاری و متمانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا درێژ بکەن.

پیدەرسن ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕیارانەی ئێستا دەدرێن، داهاتوو بۆ ماوەیەکی درێژ دیار دەکەن، گوتیشی: سووریا هەوڵدەدات دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ڕێگایەکی نوێ بدۆزێتەوە.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا نەیشاردەوە، دەرفەتی گەورە و مەترسی ڕاستەقینە لە سووریای نوێ هەیە، بۆیە داوای کرد هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەشدارێکی کاریگەری پرۆسە نوێیەکە بن لەو وڵاتەدا.