ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 500 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە
پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی عێراق، ئاماری ساڵانەی بومەلەرزەکانی عێراقی بۆ ساڵی 2024 ڕاگەیاند، کە تێیدا هاتووە، 539 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کۆی گشتی ئەو بوومەلەرزانەی تۆمار کراون لە تۆڕی چاودێریی بومەلەرزەزانیی عێراق لە ماوەی ساڵی 2024دا، 539 بوومەلەرزە بوونە، کە گوڕەکانیان لە نێوان 1-6.2 پلە بووە.
دەستەی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی عێراق باسی لەوەش کردووە "بوومەلەرزەکان لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی دەربەندیخان، ڕۆژهەڵاتی کەلار، خانەقین، مەندەلی، دیالە، قەزای بەدرە، نەینەوا، کەرکووک، دهۆک و هەولێر ڕوویان داوە."
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە "پارێزگای سلێمانی بە 73 بوومەلەرزە، لە ساڵی 2024 لە پێشەنگی لیستەکەدایە؛ دواتر پارێزگای نەینەوا بە 34 بوومەلەرزە، پارێزگای دهۆک بە 30 بوومەلەرزە، پاشان هەولێر بە 25 بوومەلەرزە دێت. لە بەرامبەردا دیالە 24 بوومەلەرزەی تییدا بووە، دواتر کەرکووک بە 19 بوومەلەرزە و سەلاحەددین 7 بوومەلەرزە، بەسرە 5 بوومەلەرزە و 4 بوومەلەرزەش لە هەر یەک لە پارێزگاکانی میسان و واست، 3 بوومەلەرزە لە ئەنبار، 2 لە موسەننا و پارێزگای بابلیش تەنها یەک بوومەلەرزە تێیدا ڕووی داوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەم بوومەلەرزانە هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە.