هەفتەی داهاتوو شاندی باڵای سیاسی پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: لە ڕۆژی سێیەمدا، کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهات، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی باڵای سیاسی هەردوولا لەسەر چەند خاڵێکی دیکە کە مشتومڕی لەسەرە، کۆ ببنەوە.
پێنجشەممە 9ـی کانوونی دووەمی 2025، نەورەس عەبدولڵا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی لە هۆڵی سەعد عەبدولڵا، بۆ ڕۆژی سێیەم کۆتایی هات، بەپێی زانیارییەکانی نەورەس عەبدولڵا، ڕەشنووسەکەی ئامادەکراوە، بریتییە لە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش، هەروەها خاڵی جیاواز و ناکۆک.
پەیامنێری کوردستان24 زانیوویەتی: نزیکەی 15 خاڵ ئامادە کراوە کە خۆی لە شەش بڕگەی جیاواز دەبینێتەوە لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، هەروەها پرسی کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهات بەسەر پارێزگاکاندا، لەگەڵ پرسی بەشدارییەکی کارا و هەڵگرتنی بەپرسیارەتی لەکاتی دروستبوونی کێشە و قەیران لەبەردەم حکوومەتدا.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەر هەموو ئەو بابەتانە گفتوگۆیان کردووە، لە هەندێ خاڵدا هەردوولا هاوڕا بوون، بەڵام لەسەر هەندێکیان کە پێی دەگوترێت خاڵی سوور، تا ئێستا گفتوگۆکان ماون و هەردوولا بۆچوونی خۆیان لەنێو ڕەشنووسەکەدا نووسیووە، هەڵیان گرتووە بۆ کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای سیاسی پارتی و یەکێتی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆ ببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتانەی پێوستیان بە بڕیار لەسەردان هەیە، هاوکات ڕێگەچارە و میکانیزمی گونجاو بۆ چارەکردنی خاڵەکانی دیکەش کە ناکۆکی لەسەر هەیە.
پەیامنێری کوردستان24 تیشکی خستە سەر لێک نزیکبوونەوە و جددیەت و پەلەیی هەردوولادا ، بۆ ئەوەی هەرچی زووە لە ماوەی یاسایی خۆیدا بتوانرێت ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تەواو بکەن.