شەپۆلێکی باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو بڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ هەینی، 10-1-2025، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور،هەورەها پلەکانی گەرما بەنزمی دەمێنیتەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، کەشی سبەی شەممە،11-1-2025، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ نمە باران لە هەندێك ناوچە دەبارێت، پاشان لە شەودا كاریگەری باران زیاد دەكات و نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەكان دەبارێت، بە تایبەت لە سنوری پارێزگای دهۆك و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران و ڕاپەڕین، هەروەها پێشبینی بارینی بەفرێكی كەم دەكرێت لە ناوچە شاخاوییە سنووریەكان، هەروەها پلەکانی گەرماش 2 تا 4 پلە نزم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە :
هەولێر 14 پلەى سیلیزى
سلێمانی 12 پلەى سیلیزى
دهۆک 15 پلەى سیلیزى
کەرکووک 17 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە 12 پلەى سیلیزى
زاخۆ 15 پلەى سیلیزى
گەرمیان 17 پلەى سیلیزى
لەلایەی دیکەوە دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاوی کردەوە، پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا باران بێت.
دەستەی کەشناسیی عێراق، "کەش و هەوای سبەی شەممە، هەور دەبێت لەگەڵ بارانێکی کەم بۆ مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرماش نزم دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەور دەبێت، لەگەڵ بارانێکی سووک بۆ مامناوەند، هەندێکجاریش ڕەشەبا دەبێت، بەتایبەتی لە بەشەکانی ڕۆژهەڵات. سەبارەت بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووریش نیمچە هەور و هەور دەبێت، لەگەڵ بارانێکی سووک بۆ مامناوەند.
دەستەی کەشناسی ڕاشیگەیاند، کەشوهەوای ڕۆژی دووشەممە ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشوور کەمێک بەرزدەبنەوە، ڕوونیشیکردەوە، کەش و هەوای سێشەممەی داهاتوو نیمچە هەور دەبێت، لە شەودا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دەگۆڕێت بۆ هەور، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش هەور دەبێت، پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت.