پێشەوا هەورامانی: کشانەوە لە بەغدا یەکێکە لە بژاردەکان

سبەینێ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدرێت

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەینێ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن، لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ کاتژمێر 10ـی بەیانی لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، نوێنەرانی هەرێمەکە لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێت.

پێشەوا هەورامانی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: لە کۆبوونەوەکەی بەیانی کشانەوە لە بەغدا یەکێک دەبێت لە بژاردەکان کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

هەروەها گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی.

ڕۆژی چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و جەختی کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوەش درا، چاوەڕوانن حکوومەتی فیدراڵ تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، کە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێسته‌ لە مانگی 1ـی ساڵی2025ـداین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12ـیان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە. لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارە کردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەشی بە تەواوی و بەبێ کەموکووڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە.