بارسێلۆنا کێشە بۆ رۆیشتنی ئاراوخۆ دروست دەکات
بارسێلۆنا بە ئاسانی دەستبەرداری ئاراوخۆ نابێت و مەرجی قورسی بۆ دادەنێت
![رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1736587912_kurdistan24.jpg)
یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر رۆناڵد ئاراوخۆی ئۆرگوایی و بەرگریکاری یانەکەی رێکاری توند دەگرێتەبەر و بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا نایانەوێت ئاراوخۆ بە ئاسانی بفرۆشن و مەرجی قورس بۆ هەر یانەیەك دادەنێن، کە بیەوێت بەرگریکارەکەیان بگوازێتەوە یانەکەی.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە کارگێڕی بلوگرانا ئۆفەری یەکەمی یانەی یوڤێنتووسی ئیتاڵیان بۆ گواستنەوەی ئاراوخۆ رەتکردووەتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: یانەی بارسێلۆنا چەند هەفتەیەك پێش ئێستا دەیانزانی خانمە پیرەکە گرنگی بە گواستنەوەی بەرگریکارەکەیان دەدات و لە ژێر چاودێریان دایە.
موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئەوەی ئاشکراکردووە، کە بەڕێوەبەری کارەکانی ئاراوخۆ داوای لە بارسێلۆنا کردووە پێداچوونەوە بە ئۆفەری یەکەمی یوڤێنتووس بۆ گواستنەوەی بەرگریکارەکە بکەن بەڵام وەڵامی کارگێڕی یانەکە زۆر روون بووە و گوتوویانە: رۆناڵد ئاراوخۆ لە پلانی فرۆشتنی یانەکەدا نییە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە زیاتری روونکردنەوەی داوە و نووسیویەتی: ئەم وەرزە بارسێلۆنا کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا دەکات و ئاراوخۆ بە یاریزانێکی گرنگ دەزانێت، بۆیە نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری بێت، مەگەر یاریزانەکە پێداگری لە رۆیشتن بکات و ئۆفەرێکیان پێشکەش بکرێت لە 70 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نەبێت.
لە کۆتایی راپۆرتەکە هاتووە: بارسێلۆنا ئەم نرخە بۆ بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە بە دادپەروەرانە دەزانێت، هەرچەندە هەست بەوە دەکات ئەگەر گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە تاوەکو هاوینی داهاتوو ئەوا نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دادەبەزێت.
رۆناڵد ئاراوخۆی ئۆرۆگوایی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا ساڵی 2026 کۆتایی دێت و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 55 ملیۆن یۆرۆیە، چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپا گرنگی بە گواستنەوەی یاریزانەکە دەدەن و دیارترینیان یوڤێنتووسی ئیتاڵییە.