ئومێد خۆشناو: بێ بارانی کاریگەریی لەسەر پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو نابێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بێ بارانی کاریگەریی لەسەر پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو نابێت لەبەر ئەوەی پۆند و بەنداوی زۆر دروستکراون.
شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای نوێژە بارانە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، بێ بارانی کاریگەریی لەسەر پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو نابێت، گوتی: ئەو ژمارە پۆندانەی ساڵانی ڕابردوو دروستکران و ئەوانەشی کە ئێستا لە دروستکردندان، لەگەڵ بەنداوی بەستۆرە و بەنداوی گۆمەسپان و بەنداوی چەمەرگەش، هەموویان کاریگەریی خۆیان دەبێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بەنداوی بەستۆرە کە ئەمساڵ کرایەوە، بەنداوێکی گەورەیە بە سێ زستانی پڕ بەفر و باران بەنداوەکە پڕ دەبێت، گوتی: کەواتە ئەو بارانە کاریگەریی لەسەر پڕ بوونی بەنداوەکەمان دەبێت، گوتیشی: بەنداوی بەستۆرە بە یەک زستانی پڕ باران بەنداوەکە پڕ دەبێت، لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون، وەک چۆن ئیفرازی یەک و دوو و سێ بەردەوام هەیە کە سەرچاوەکەیان ئاوی زێیە و ئاویان لێ وەردەگیرێت، هاوکات پرۆژەی فریاگوزاری کە سەرچاوەکەی ئاوی زێیە بەهەمان شێوە، لەگەڵ پرۆژەی ئاوی قوشتەپەش کە بەخێرایی کاری تێدا دەکرێت، ئاوی هەولێر دابین دەکەن.