هاوسەرۆکێکی دەم پارتی: نابێت زەمینەی نوێی پرۆسەی ئاشتی ژەهراوی بکرێت
"دەبێت حکوومەتی تورکیا دانوستان لەگەڵ هەسەدە بکات"

هاوسەرۆکێکی دەم پارتی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەکات، پشتیوانیی پرۆسەی نوێی ئاشتی بکەن. دەشڵێت: زیاتر لە 100 ساڵە مافی کورد لە تورکیا پێشێل دەکرێت.
یەکشەممە، 12-01-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە گوتارێکدا، لە کۆنگرەی پارتی ھەرێمە دیموکراتییەکان (بەدەپە) باسی لە پێشهاتەکانی سووریا و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد.
باکرهان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی گوتی: "جاری یەکەمە زەمینەیەکی بەم شێوەیە فراوان و لەبار، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدارن، بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، دێتە کایەوە. نابێت هیچ لایەنێک ئەم زەمینەیە ژەهراوی بکات، بەڵکوو پێویستە پشتیوانیی بکەن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی پێی وایە "دەبێت حکوومەتی ئێستەی تورکیا ڕاستگۆ بێت و ڕاشکاوانە بیڵێت، نیازی چارەکردنی پرسی کوردی هەیە یان نا و بەرنامەی بۆ ئەم مەبەستە چییە؟ چونکە زیاتر لە 100 ساڵە مافی کورد لە تورکیا پێشێل دەکرێت، ستەمیان لێ دەکرێت و دان بە بوونیاندا نانرێت."
ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی داوای کرد هیچ بەربەستێک بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی دانەنرێت، چونکە وەکوو خۆی گوتی: "هەموو لایەک باسی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکات، بەڵام بەداخەوە ڕۆژانە دەستگیرکردن و دانانی قەیووم لەسەر شارەوانییەکان بەردەوامە. بەم دواییانە، هاوسەرۆکی شارەوانیی ئاکدەنیز دەستبەسەر کرا و تاوەکوو ئێستە ئازاد نەکراوە."
لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، باکرهان، بە پێویستی دەزانێت "حکوومەتی تورکیا دەست بە دانوستان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بکات." گوتیشی: "ئەوانەی لە سووریا خاوەن ویژدان و مێشکن، دەبێت پشتیوانیی لە ئاشتی، یەکسانی و پێکەوەژیان بکەن. ئێمە سووریایەکمان دەوێت کە هەموو کەسێک بە ناسنامەی تایبەتی خۆی، بە ئازادانە تێیدا بژیت."
هاوسەرۆکەی دەم پارتی باسی لەوەش کرد "205 وڵاتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەن. زیاتر لە 200 لەو وڵاتانە دەڵێن پێویستە کیانێکی کوردی لە سووریا هەبێت؛ بەڵام حکوومەتی تورکیا قبووڵی ناکات."