رێنماییەکانی پڕۆسەی "لەجێگەدانان" بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئامادە کران

وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی راژەی گشتیی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی رێنماییەکانی تایبەت بە پڕۆسەی "لەجێگەدانان"یان بۆ پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئامادە کرد وئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەن بۆ پەسەندکردن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی باڵای رێنماییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بە مەبەستی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێنمایی و ڕێکاری پێویست تایبەت بە بڕیاری ژمارە 303ـی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێککەوتی 16ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە.

بڕیارەکە تایبەتە بە خستنەگەڕەوەی پڕۆسەی "لەجێگەدانان" بە مەبەستی پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و فەرمانبەرانەی کە بە شێوەی جیاوازی گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (لەسەر بودجە و داهاتی ناوخۆ) دامەزرابوون، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆتایی بە راژەکەیان هاتووە. دوای تاوتوێکردن و گفتوگۆیەکی ورد لەلایەن تیمەکانی هەردوولاوە، رەشنووسی رێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئامادە کرا و لەلایەن نوێنەرانی وەزارەتیدارایی و ئەنجوومەنی راژەوە واژۆ کرا.

بڕیارە دوای تەواوبوونی، رەشنووسەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی، تاوەکو لەسەر بنەمای رەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافییەت، شوێنە بەتاڵەکان بە کەسانی شایستە و بەپێی مەرج و پێوەرە کارپێکراوەکان پڕبکرێنەوە.