بەفربارین لە لووتکەی شاخەکان و ناوچە سنوورییەکان بەردەوام دەبێت

بە گوێرەی کەشی پێشبینیکراوی هەرێمی کوردستان، کاریگەری شەپۆلی باران لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین زیاتر دەبێت، هاوکات لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەکانی بەفر دەبارێت.

بەشی پێشبینیی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژەی داوە، بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاسمان هەور دەبێت و ئەگەرى نمە باران و دروستبوونى تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، ئاسمانى هەرێم لە کاتەکانى بەیانى هەتا ئێوارە، نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت.

سەبارەت بە باران، ئەمڕۆ لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ئەگەرى نمە باران هەیە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێ کات بارانى مامناوەند و لە لووتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت.

 کاریگەریی ئەم کەشە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، ئیدارەى ڕاپەڕین و پارێزگاى هەڵەبجە زیاتر دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ، تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە و لە زۆربەى کات نیمچە هەور دەبێت.

لە ئێوارەدا، لە سەرجەم ناوچەکان کاریگەریی ئەم کەشە کۆتایى دێت و پاشان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور. 

کەشی پێشبینی کراوی سبەینێ دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت و پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ، کەمێک بەرز دەبێتەوە .