سامانە سروشتییەکان: بڕیارە ئەم هەفتەیە بەغدا بڕێک نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دووپاتی دەکاتەوە، تاوەکوو ئێستە هیچ بڕە نەوتێک لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. دەشڵێت: ئەگەر دابینیش بکرێت، تەنها بەشی سەدا 19ـی خێزانەکان دەکات.
یەکشەممە، 12-01-2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دابینکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
وەزارەتەکە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە "تاوەكوو ئێستە پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پشتیوانیکراو، لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە نەگەیشتووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڕێک لە نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان دابین بکرێت."
وەکوو ئەوەی سامانە سرووشتییەکانی ئاماژەی پێ داوە "ئەو بڕە نەوتەی بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق دابینی بکات، زۆر لە پشكی هەرێمی كوردستان كەمترە و تەنها بەشی سەدا 19ـی پێویستیی خێزانەکان دەکات."
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەگەر ئەم بڕە نەوتەش دابین کرا، بە چەند كاروانێک دەگاتە هەرێمی كوردستان و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانەوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."