ئێران مەشقەکانی بۆ پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان چڕ کردووتەوە

دوای هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ وەکوو سەرۆکی ئەمەریکا و هۆشدارییەکانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن دەسەڵلاتدارانی ئێرانەوە، سوپای پاسدارانی ئێران مەشقەکانی بۆ پارێزگاریی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، چڕ کردووتەوە.
یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، میدیای فەرمیی ئێران، بڵاوی کردووەتەوە "سوپای پاسدارانی ئێران دەستی کردووە بە فراوانکردنی مەشقەکانی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە بۆ پارێزگاریی کردنیان."
میدیاکانی ئێران، ڕاشیانگەیاندووە "مەشقەکان تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام دەبێن و ئەو یەکانەی کە لە مەشقەکاندا بەشدارن بریتین لە: یەکەکانی مووشەک و ڕادار، یەکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی، هەواڵگریی ئەلیکترۆنی و فەرماندەیی سیخوڕی."
هەروەها بڕیارە ئێران سبەینێ لە سویسرا، لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمی لەگەڵ هەر یەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆ ببێتەوە.
هاوکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دووشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2025، لە گوتاری کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵیۆزەکانی فەرەنسا، لەبارەی ڕێککەوتننامەی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، گوتبووی: "ئێران هەموو سنوورەکانی بەزاندووە لە زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، هیچ کەلینێکی بۆ گفتوگۆ لەسەر کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی 1+5 نەهێشتووتەوە."