ترەمپ بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا بە کەمتەرخەم دەزانێت

وێنە رۆیتەرز، ترەمپ سەرکۆی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس
وێنە رۆیتەرز، ترەمپ سەرکۆی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا بە کەمتەرخەم دەزانێت لە بەرانبەر کۆنترۆڵنەکردنی ئاگرە وێرانکەرەکەی لۆس ئەنجلس، حاکمی کالیفۆرنیاش بانگهێشتی ترەمپ دەکات بۆ ویلایەتەکەی.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، یەکشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیThe Truth پۆستێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا دەڵێت: "بەهۆی نەشارەزایی و بێپلانی بەرپرسانی لۆس ئەنجلس، نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا هاتووە "ئەمە یەکێکە لە کارەساتبارترین ڕووداو لە مێژووی ئەمەریکادا، بەرپرسانی لۆس ئەنجلس چیان بەسەر هاتووە؟ چۆن ناتوانن ئەو ئاگرە بکوژێننەوە؟"

هاوکات گاڤین نیوزۆم، حاکمی کالیفۆرنیا، بانگهێشتی ترەمپی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی لۆس ئەنجلس بکات و لەگەڵیدا ڕووپێویی وێرانکارییەکان بکات.

سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025، ئاگرێک لۆس ئەنجلسی گرتەوە، بە هۆییەوە هەندێک لە گەڕەکەکانی شارەکەی بە تەواوی وێران کردووە و 150 هەزار کەس ئاوارەبوونە، هەروەها کاربەدەستانیش دەڵێن لانی کەم 16 کەس مردوون و زیاتر لە 12 هەزار ماڵ و باڵەخانە وێران بوونە.