گەشتی ئاسمانیی نێوان هەولێر و یۆنان دەست پێ دەکاتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایگەیاند هاتووچۆی بازرگانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر مانگانە بۆ دوو هەزار و 500 تۆن زیادی کردووە، گوتیشی بەم نزیکانە گەشتی نێوان هەولێر و یۆنان دەست پێ دەکاتەوە.

یەکشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ''ئامارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 25٪ زیادی کردووە."

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتیشی: '' لە ساڵی 2024 نزیکەی دوو هەزار 500 تەن مانگانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکرێت، ئەمەش نزیکەی شەش هەزار تەن زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2023.

هەروەها ئەحمەد هۆشیار ڕاشیگەیاند '' لە 15 شوباتی 2025، گەشتی نێوان هەولێر و ئەسینا دەست پێ دەکاتەوە"

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەشی دا "لەڕووی کارگۆوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو فڕۆکەخانەی هەولێر، پێشەنگی فڕۆکەخانەکان بووە لە سەر ئاستی عێراق"