سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبێتەوە.
یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی و بۆ تاوتوێکردنی هەندێک پرسی گرنگ تایبەت بە هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەکات، هەروەها سبەی دووشەممە لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.
پێنجشەممە 9ـی کانوونی دووەمی 2025، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت و سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان، دەچێتە بەغدا و پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ ئەو لایەنانە گفتوگۆ دەکات.