شاخەوان عەبدولڵا: بەغدا نابێت سیناریۆی ساڵی 2024 دووبارە بکاتەوە

شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدولڵا ڕایگەیاند: ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، تەنها مووچەی 10 مانگی فەرمانبەرانی هەرێم بووە.

یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنها 10 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە دەکاتە مووچەی 10 مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لە هەموو عێراق، مووچەی هەر 12 مانگی فەرمانبەرانی خۆی داوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: وەزارەتی دارایی بە قسەی خۆی دەڵێت مووچەی 12 مانگی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، هەر وەزارەتەکە بڵاویان کردووەتەوە کە 10 ترلیۆنیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لە کاتێکدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 12 ترلیۆن دینارە لە ساڵێکدا، گوتی: ئەوە بابەتێکە ئێمە قەبوڵی ناکەین، فراکسیۆنەکانی کوردستانی هەڵویستمان یەک دەخەین بۆ پرسی مووچەی مانگی 12 و ئەو سیناریۆیەی ساڵی 2024 لە ساڵی 2025 دووبارە نەبێتەوە.