هەولێر.. تۆمارکردنی ڕووبەری گەنمی داچێندراو دەست پێ دەکات

بەڕێوەبەراییەتی کشتوکاڵی هەولێر، ئاگاداری سەرجەم جووتیارانی سنووری هەولێر دەکاتەوە، سەردانی بەڕێوەبەراتییەکانی سنووری خۆیان بکەن، بۆ تۆمارکردنی ڕووبەری گەنمی داچێندراو. 

یەکشەممە، 12ــی کانوونی دووەمی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سبەینێوە، جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەتوانن سەردانی بەش و بەرێوەبەراتییەکانی سنووری خۆیان بکەن بۆ تۆمارکردنی ڕووبەری گەنمی داچێندراو، هەروەها 12ـی شووبات، کۆتا وادەی وەرگرتنی گەنمە.

 هێمن سەید موراد گوتیشی: کەمی ڕێژەی دابارین، پرۆسەی تۆمارکردنی گەنمی دواخست، بەڵام بارانی ئەم دوو ڕۆژە دڵنیایی بە ئێمە و جووتیاران دا.

هێمن سەید موراد، باسی لەوەشکرد، ڕووبەری گەنمی داچێندراو بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر دەبێت، چونکە ڕێژەی دابارین کەمترە. لە ساڵی ڕابردوو 930 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم لە سنووری پارێزگای هەولێر داچێندرابوو.

ماوەیی دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و ئەمەش بووە هۆی دڵخۆشی هاووڵاتییان و جووتیاران، هەروەها بە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێر تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 20ملم باران باریوە.