ئاسایشی هەولێر بکوژی ژن و مێردەکەی بەحرکەی دەستگیر کرد

ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئەو بکوژەیان دەستگیر کرد کە ئەمڕۆ ئێوارە ژن و مێردێکی لەنێو ماڵەکەی خۆیان لە بەحرکەی سەر بە هەولێر کوشت.
یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2025، لە گوندی شێخەشل لە قەزای بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژن و مێردێک لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی کوژران، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەست پێ کرد.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی تیمەکانیان، توانیویانە تۆمەتبار (م. ی. ع) بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژن و مێردە دەستگیر بکەن، ڕاشیدەگەیەنێت: بە فەرمانی دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و ڕادەستی یاسا کراوە.