سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆ بووەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە بەغدا
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە بەغدا

دووشەممە، 13-01-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کۆ بووەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندان پرسی دیکە تاوتوێ کراون. 

پێش ئەم کۆبوونەوەیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دیداری هەبوو. 

وا بڕیارە هەر ئەمڕۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و چەندان لایەنی دیکەی سیاسیی شیعە و سوننە کۆ ببێتەوە. 

ئێوارەی یەکشەممە, 12ی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کرد، کە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوت، ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە بوو؛ بەو پێیەی هاوپەیمانێتییەکە هەموو هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری حکوومەتی عێراقی لەخۆ گرتووە.