نێچیرڤان بارزانی و سوودانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەیان تاوتوێ کرد

دووشەممە، 13-01-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ بووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، نێچیرڤان بارزانی و سوودانی، دۆخی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی پشتیوانیی حکوومەتی ئێستەی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی کارنامەکەیدا، تاوتوێ کردووە.
لــــە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەکوو ئەوەی لــــە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، باس لــــــە پابەندبوونە دەستوورییەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرانبەر یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی کرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاودەنگی و هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ هەموو عێراق.
هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتە نوێیەکانی سهر ئاستى عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها جهخت لە پێویستيی پشتگیريی حکوومەتی فیدراڵ و سەرخستنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومی کرايهوه، بە شێوەیەک کە دەستەبەری بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتيیان لە سەرانسەری وڵات بکات."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی هاوکاری و هەماهەنگيی هاوبەش لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و لابردنی سەختییەکان لە وڵات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتهكانى گەلی عێراق بەدی بهێنێت و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەريی نیشتمانی بەهێز بکات."
وا بڕیارە هەر ئەمڕۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و چەندان لایەنی دیکەی سیاسیی شیعە و سوننە کۆ ببێتەوە.
ئێوارەی یەکشەممە, 12ی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کرد، کە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوت، ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە؛ بەو پێیەی هاوپەیمانێتییەکە هەموو هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری حکوومەتی عێراقی لەخۆ گرتووە.