عێراق لەساڵی ڕابردوو پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی بووە لە هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ئوردن

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ژووری پیشەسازیی عەممان، ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا هەناردەکانی ژووری بازرگانیی عەممان بۆ عێراق بە ڕێژەی 11.2% زیاد کردووە.
ژووری پیشەسازیی عەممان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند "هەناردەکانی ژووری پیشەسازیی عەممان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 7.164 ملیار دیناری ئوردنی."
ئاماژەی بەوەش کردووە "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە نیوەی هەناردەی بەرهەمەکانیان بۆ چوار وڵاتی عەرەبی و بیانی بووە، ئەوانیش ئەمەریکا، هیندستان، عێراق و سعوودیە بووە، کە بەهای هەناردەکانیان گەیشتووەتە 4.425 ملیار دیناری ئوردنی."
بەگوێرەی داتاکانی ژووری پیشەسازیی عەممان، هەناردەیان بۆ ئەمەریکا بە ڕێژەی 42.7% زیادی کردووە، کە 1.644 ملیار دیناری ئوردنی بووە، هیندستان پلەی دووەمی گرتووە، هەروەها عێراقیش لە پلەی سێیەم دێت، کە بەڕێژەی 11.2% و بەهاکەشی نزیکەی 973 ملیۆن دیناری ئوردنی بووە، کە لە هەمان ماوەی ساڵی 2023دا 785 ملیۆن دینار بووە.
بەگوێرەی داتاکان، ئوردن بەرهەمی خۆراکی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هەناردەی عێراق کردووە.