ئامادەکارییەکانی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەستی پێکرد

ئامادەکارییەکانی 17مین پێشانگای نێودەڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەستی پێکردووە و ئاگاداری دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە دەکرێتەوە ئەوانەی خوازیارن، ناویان تۆمار بکەن.
دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەیهاب قەیسی، بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی": ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە، ئاگاداری سەرجەم دەزگا ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەکەینەوە، ئەوانەی خوازیارن بەشداربن، لە ئێستاوە دەتوانن ناویان تۆمار بکەن، بۆ ئەمساڵ گۆڕانکاری زیاتر و باشتر دەکەین، پێشبێنی دەکەین بۆ ڕێژەی بەشداریکردنی دەزگاکان زۆر زیاتر بێت".
ئەیهاب قەیسی، باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ لە 9ـی نیسانی 2025، پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب دەکرێتەوە و بۆ ماوەیی 10ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب ساڵانە دەکرێتەوە و ژمارەیەکی زۆری خوێنەر و نووسەر و هاووڵاتییان به گشتی سەردانی دهكەن. هاوكات 300 دەزگا لە 10وڵات ساڵی ڕابردوو (2024) بەشدارییان کرد.