هادی عامری: کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت

هادی عامری ڕایدەگەیەنێت: هیچ کێشەکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە و پرسی نەوتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق هەمووارێکی پەسەند کردووە کە هەموواری بوودجەیە، گوتی: وەکو چوارچێوەی هەماهەنگی یاسای بوودجە بۆ ساڵی 2023،2024،2025 ئەوەیان سەلماندووە کە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان 8 دۆلار بووە لە ساڵی 2023، بەڵام برایانمان لە هەرێمی کوردستان گوتیان ئەو پارەیە کەمە، لەبەر ئەوە حکوومەتی فیدراڵ بڕەکەی هەمووار کردووەتەوە، گوتی: پێم وایە ئەو پرسە چارەسەر دەبێت و لە پەرلەمان دەنگی پێدەدرێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ئاشکرای کرد، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە و نابێت کێشە دروست بکرێت، کێشەیەک لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی نابینین، حکوومەتی فیدراڵی ڕژدە لەسەر ئەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزێتەوە، ئێمە بەرپرسیارین لە چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزرێتەوە.