فەیسەڵ یوسف: سەردانی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان مێژوویی بوو

گوتەبێژی ئەنەکەسە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەسەدە و ئەنەکەسە داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی کردووە.
دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، فەیسەڵ یوسف گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا( ئەنەکەسە )بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەنجامی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەردەکەوێت و لەگەڵ هەسەدە کۆدەبینەوە.
فەیسەڵ یوسف دەڵێت: هاتنی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانێکی مێژوویی بوو، دەشڵێت: ئێمە وەکو ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، پێشوازیی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی دەکەین، دەخوازین لە ئاست باوەڕ و متمانە و هیوای بەڕێزیاندا بین و لە خزمەتی گەلی خۆماندا بین.