دەم پارتی: سەردانەکەی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گرنگ و پیرۆزە

دەم پارتی, سەردانەکەی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە و ئەنەکەسە بە "گرنگ و پیرۆز" ناو دەبات.
سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری پارێزگای وانی باکووری کوردستانی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) لە کاتی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ باسی لە سەردانەکەی حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
ئێوارەی دووشەممە، 13-01-2025، نوێنەرەکەی سەرۆک بارزانی گەیشتە ڕۆژئاواوی کوردستان؛ لە شاری حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و لە شاری قامشلۆش لەگەڵ محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆ بووەوە.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی بە کوردستان24ـی گوت: "سەردانەکەی نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە و ئەنەکەسە، هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە."
دەربەندی, لە سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامێکی سەرۆک بارزانی لەبارەی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەم قۆناغەی ئێستە سووریا پێیدا تێپەڕ دەبێت، گەیاندە بەرپرسانی هەسەدە و ئەنەکەسە.
دوای تەواوبوونی دیدارەکان، هەر یەکە لە هەسەدە و ئەنەکەسە لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆک بارزانییان بۆ مافی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و جەختیان لە یەكڕیزیی لایەنە کوردییەکان کردەوە.
ئەم سەردانەی نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کاتێکدا بوو، لە ماوەی ڕابردوودا، لەژێر سەرپەرشتیی ئەمەریکا، کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی هەسەدە و ئەنەکەسە لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە چوو.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، شاندێکی ئەنەکەسە سەردانی بارەگای بارزانییان لە پیرمام کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی تاوتوێی دوا پێشهاتەکانی سووریا و ئاییندەی کوردیان لەو وڵاتە کرد.