حکوومەتی عێراق بانکێکی دیکە بۆ جێگرەوەی بانکی ڕافیدەین دادەمەزرێنێت

عێراق بانکێکی نوێ بەناوی بانکی یەکەمی ڕافیدەین دادەمەزرێنێت، دەبێتە تەواوکەری کارەکانی بانکی ڕافیدەین، ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی لە کەرتی بانکیدا هاتووەتە ئاراوە.

ماوەیەکی زۆرە حکوومەتی عێراق لەژێر چاودێریی لایەنی نێودەوڵەتییدا سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی کارەکانی بانکی ڕافیدەینە، بەڵام بەپێی دوایین ڕاپۆرتی لیژنەی تایبەتمەند، دەرکەوتووە بانکی ڕافیدەین بەو توانایەی ئیستا هەیەتی و بەو شێوازی کارەی پێڕەوی دەکات، ناتوانێت خۆی لەگەڵ مەرجە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێنێت. 

یەکێک لەو مەرجانە ئەوەیە کە بانکەکە نابێت سەر بە حکوومەت بێت، دەبێت بەشداریی کەرتی تایبەتی تێدا بێت و سەرمایەکەشی زیاتر بێت لەوەی کە هەیە.

بۆ ئەو مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بانکێکی دیکە بەناو بانکی یەکەمی ڕافیدەین بە سەرمایەی یەک تریلۆن دینار دابمەزرێنیت.

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بانکەکە لە شێوەی پشکداریی دەبێت و دامەزراوە حکوومەتییەکان، کەرتی تایبەت و خەڵکی ئاسایی دەتوانێت پشکیان لە بانکەکەدا هەبێت. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانکی ناوەندیی ڕاسپاردووە بۆئەوەی ڕاوێژ لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت بۆ دامەزراندن و ئاراستەکردنی کارەکانی بانکە نوێکە.