کوردستان و ئەمەریکا ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تاوتوێ دەکەن

لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی سەربازیی و دیپلۆماسی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی پرسی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە و ڕێکار و میکانیزمەکانیان تاوتوێ کرد.
سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و شاندێکی هاوبەشی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکی، سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە پێکهاتبوو، لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.
وەک لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، لەبارەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، وێڕای خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە، گرنگیی پرۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرانەوە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووش، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە کرایەوە، سەرباری دۆخی گشتیی ناوچەکە، پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.